دابەش کردنی دەسەڵات یان دیکتاتۆڕی موتڵەق
عومهر باڵهکی
رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەدوای ڕووخانی سیستمی پاشایەتی لە ئێراندا هاتە سەر دەسەڵات، شێوە سیستمێکی لە ئیدارەکردنی وڵاتدا بەکارهێناوە کە یا هەر وێنەی لە جیهانی ئێستادا نییە یا ئەگەر هەبێ ئەوەندە دەگمەنە کە بۆ باس کردن نابێ.
ئەو رێژیمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دێموکڕاسیو مافی مرۆڤ دژایەتی هەبووەو هەیە، پێناسەکانی بۆ دێموکڕاسیو مافی مرۆڤ ئەو پێناسانە نین کە لە جیهانی ئێستادا باونو زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کاریان پێ دەکەن، هەر بۆیە لە سیستمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی نابێ چاوەڕوانیمان هەبێ کە مافی مرۆڤ بپارێزێ. بۆ باشتر ڕوون بوونەوەی ئەو مەسەلەیە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان(تفکیک قوا) لە کۆماری
ئیسلامیدا بە پێودانی جیهانی هەڵ دەسەنگێنینو بەشێک لە ماددە قانوونییەکانی دەستووری ئێران دەکەینە نێوئاخنی باسەکەمان هەتا باشتر بتوانین ناهاوسەنگی سیستمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سیستمی دێموکڕاسیدا دەربخەین.
لە هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیادا دەسەڵاتەکانی رێبەری کردنی وڵات لێک جیان و هەر کام سەربەخۆیی خۆیان هەیەو هەرکام لە ئهرکی خۆیدا نوێنەرایەتی گەل دەکا، چونکە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵ دەبژێردرێن. واباشە لەپێشدا بزانین ئەسڵی جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان لە کوێوە هاتووەو چۆن سەری هەڵ داوە.
ئهسڵی جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتە و ئەوە فەلسەفەی رۆژئاوایە.
جان لاک بیرمەندی ئینگلیزی پایە و بناخەی بیردۆزییەکەی خۆی لەسەر مافی سروشتی داناو ئەو ئەندێشەی جان لاک لەوەڕا سەرچاوەی گرتبوو کە لە بەرامبەر دەسەڵاتی پاشاو کلیسا و ئیمتیازاتی ئەواندا، سەرچاوەی حقووقی ژیانی ئازاد بۆ مرۆڤەکان بسەلمێنێ.
جان لاک دەڵێ: "ڕەسەنایەتی نە موڵکی پاپە و نە موڵکی ئەشرافە، بەڵکوو موڵکی تاک تاکی مرۆڤایەتییە. بنهمای بهڵگهکانی جان لاک ئەوە بوو کە تەنیا مافی راستەقینە، مافی ژیانو مافی ههرهپێویستی مرۆڤایەتییە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانن لێی بستێنن. مافی حەیاتو زیندووبوونو مافی ژیان شتێکی سهلمێنراون.
چونکە مرۆڤ زیندوویەو مافی ژیانی هەیە و بۆ ئەوەی بتوانێ بژی، دەبێ بەسەر کاری خۆیدا کە بەشێکە لە بوونی ئەو، دەسەڵاتی هەبێ. کەسایەتی تاک، مافی تاک، خاوەنداریەتی تاک بەسەر خۆیو کارو بەرهەمی خۆیدا لە پایەی یەکەمی فەلسەفەی حقووقی جان لاکە.
لەسەر بنهمای فەلسەفەی جان لاک کە مافی سروشتیە، زانایانو بیرمەندانی دیکە وەک "ولتر، دیدرۆ، ژانژاک ڕۆسۆ و مۆنتیسکیۆ" پێناسەیەکی نوێیان بۆ داڕشتنی قانوون کرد کە ئەسڵی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لێ دەکەوتەوە کە ئەوە خۆی لە خزمەت هێنانەدیی مافی مرۆڤ و مافی سروشتیدا بوو.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا ڕاست بەو مەبەستە کە "جان لاک" باسی لێوە کردوە یا مەبەستی دیکەی لە پشتە؟ بۆ وهڵام دانهوه دەبێ لهنێو بڕگەو ماددەکانی قانوونی ئەساسیی ئێراندا بۆی بگەڕێین.
لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە وشەی کۆمارو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هاتووە تەنیا بۆ ڕازاندنەوەیەو هیچیتر، چونکە لە عەمەل و کرداردا نە کۆمار ئەو کۆمارەیە کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکاو نە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەو شێوەیە کە هەر کامیان سەربەخۆ بنو نوێنەرایەتی بەرژەوەندی خەڵک بکەن. بزانین ماددەی 57 لە قانوونی ئەساسی سەبارەت بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان(تفکیک قوا) دەڵێ چی:
ماددەی 57: "دەسەڵاتەکانی حاکم لە کۆماری ئیسلامی دا بریتین لە: دەسەڵاتی قانوون دانان، دەسەڵاتی بەرێوەبردنو ئیجرایی، دەسەڵاتی دادوەری، کە لە ژێر چاوەدێریی ویلایەتی موتڵەقەی ئەمرو ئیمامەتی ئوممەت بە پێی ئوسوولی دوارۆژ بەڕێوە دەچێ. ئەو دەسەڵاتانە لە یەکتر جیا و سەربەخۆن."
ئەو رێژیمە لەلایەک قسە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکاو لە لایەکی دیکە بۆ رێبەر یا وەلی فەقیە دەسەڵاتی رەهاو ئیختیاراتی لە سەرەوەی قانوون قایل دەبێ.
لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا رێبەر لە لایەن شووڕای خیبرەگانی رێبەرییهوه دیاری دەکرێ، هەڵبژاردنی خیبرەگانی رێبەری بە پێی ماددەی 99 لە قانوونی ئەساسیدا لە لایەن شووڕای نیگابانەوە چاوەدێری دەکرێ.
ماددەی 99: "شووڕای نیگابان چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنی مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری، سەرکۆمار، مەجلیسی شووڕای ئیسلامیو ... لە ئەستۆیە."
بە پێی یاسا شووڕای نیگابانیش رێبەر دیارییان دەکا، بە پێی ماددەی 91 لە قانوونی ئەساسی ئێراندا شووڕای نیگابان لە 12 کەس شهرع زانو ماف ناس پێک دێ کە 6 کەس لە شهرع زانهکان لەلایەن رێبەرەوە هەڵ دەبژێردرێنو 6 کەسەکەی دیکهش لەلایەن سهرۆکی هێزی دادوهری(قوه قچائیه)یەوە کە خۆی داندراوی رێبەرە، بە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی دەناسێندرێن بۆ تەئید کردنیان.
ماددەی 91: " ... شووڕای نیگابان پێکهاتەکەی بە شێوەی خوارەوەیە:
1: شەش کهس زانای ئایینی(فقها) عادڵ و زانا بە پێویستییەکانی سەردەمو مەسائیلی رۆژ کە دیاری کردنی ئەوان لە ئەستۆی رێبەرە.
2: شەش کهس یاساناس لە بوارەکانی جیاوازی یاسایی لە نێوان یاساناسانی موسوڵمان کە بە هۆی سەروکی دەسەڵاتی دادوەری بە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی دەناسێندرێن و بە دەنگی مەجلیس هەڵ دەبژێردرێن."
ئەوە لە حاڵێک دایە کە خیبرەگانی رێبەری دەبێ چاوەدێری بەسەر کارو کردەوەی رێبەری دا بکا. لەوە سەیرتر ئەوەیە کە شووڕای نیگابانی دیاری کراو و دانراو لە لایەن رێبەرییەوە بە پێی بڕگەی 94 و 93 لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا مافی ڕەت کردنەوەی بڕیاراتی مەجلیسی هەیە و ئەوە لە حاڵێک دایە کە مەجلیس بەڕواڵەتیش بێ هەڵبژێردراوی خەڵکە و نوێنەرایەتی خەڵک دەکا.
ماددەی 93: "مەجلیسی شووڕای ئیسلامی بە بێ بوونی شووڕای نیگابان ئیحتوباری قانوونی نییە".
ماددەی 94: "هەموو بڕیاراتی مەجلیسی شوورای ئیسلامی دەبێ ڕەوانەی شووڕای نیگابان بکرێو شووڕای نیگابانیش دەبێ ئهوپهڕهکهی لە ماوەی ده رۆژدا لە رێکەوتی وەرگرتنی ... هەڵسەنگاندنی بۆ بکا..." جا یا ڕەتی دەکاتەوە یا پەسندی دەکا.
هەروەک پێشتر باسمان کرد هەڵبژاردنی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە سەڵاحییەتی رێبەر دایەو ماددەی 157 لەو بارەوە بەو چەشنە باس دەکا.
ماددەی 157: "بە مەبەستی بەڕێوەچوونی بەرپرسایەتییەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەموو کاروباری دادوەریو ئیداریو ئیجراییدا رێبەر کەسێکی "مجتهد عادل"... بۆ ماوەی پێنج ساڵ وهک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکا کە بەرزترین پلەی دەسەڵاتی دادوەرییە".
هەروەها بەربژاردەی سەرکۆماری دەبێ لە لایەن شووڕای نیگابانەوە تەئیدی سەڵاحییەت بکرێ و دوای بە رواڵەت هەڵبژاردن کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە دەچێو ڕاگهیاندنی دەنگەکان، دەبێ حوکمی بوون بە سەرکۆمار لە لایەن رێبەرەوە واژۆ و تەئید بکرێ. بۆ نوێنەرایەتی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیش دەبێ سەڵاحییەتی کاندیداتۆڕەکان لەلایەن شووڕای نیگابانەوە تەئید بکرێن. بە کورتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەموو کارو کردەوەیەک کە پێوەندیدار بێ بە دەسەڵاتو حکوومەتی کۆماری ئیسلامییهوه، دەبێ بە تەئیدی رێبەر بگا. لە ڕاستیدا رێبەر، بە یاساو بڕگەکانی دەستووری ئێران دەسەڵاتێکی رەهای هەیەو ئەو دەسەڵاتانە لە ماددەی 110ی دەستووردا بە ڕوونی دەست نیشان کراون.
ماددەی 110: "ئهرک و دهسهڵاتی رێبەر:
1: دیاری کردنی سیاسەتی گشتی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای راوێژکردن لەگەڵ کۆڕی دیاری کردنی بهرژهوهندییهکانی نیزام(مجمع تشخیص مصلحت نظام).
2: چاوەدێری بەسەر باش بەڕێوەچوونی سیاسەتە گشتییەکانی نیزام.
3: فەرمانی ڕاپرسی.
4: فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران.
5: ڕاگەیاندنی شەڕو ئاشتیو ئامادەباشی هێزەکان.
6: دانانو لابردنو دەست لەکار کێشانەوهی:
ئهلف) ئەندامانی شووڕای نیگابان.
ب) بەرزترین پلهی دەسەڵاتی دادوەری.
ج) سەرۆکی دەنگو ڕەنگی کۆماری ئیسلامی.
د) سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان.
ه) فەرماندەی سوپای پاسداران.
و) فەرماندەی بەرزی هێزە نیزامی و ئینتیزامییهکان.
7: چارەسەری ناکۆکییەکانو پێک هێنانی هەماهەنگی لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکاندا.
8: چارهسهری گێرهو کێشهکانی نیزام که به ڕێگای ئاساییدا چارهسهر نابن.... .
9: ئیمزای حوکمی بوون بە سەرکۆماری ... .
10: لابردنی سەرکۆمار.
11: لێ بووردن یا کەم کردنەوەی سزا لەسەر تاوانبارە حوکم دراوەکان.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاستی لەوە ڕوونتر دەتوانرێ ئەسڵی جیاییو سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان بێ ئیحتوبار بکرێ؟
مافی بنەڕەتی خەڵک لە دوو رێگاوە پێشێل دەکرێ: یەکەم: بە یاساو دووهەم بە ئیرادەی دەسەڵاتو بەکارهێنانی هێز. ئەوە لە حاڵێکدا دروستە کە هیچ دەزگایەکی چاوەدێرو سەربەخۆ لە دەوڵەتو دەسەڵات نییە کە چاوەدێریی بەسەر کردەوەی دەسەڵاتدارانو بەڕێوەچوونی یاسا داڕێژراوەکاندا بکا. لە کۆمەڵگای دێموکڕاتیک نەتەنیا دانانی قانوون لە ئیختیار نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک دایە، بەڵکوو دام و دەزگا حکوومەتییەکان بە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچن، لە هەمان کاتدا دەورەیینو لە بەرامبەر کارو کردەوەیاندا وەڵامدەرنو ههروهها دامەزراوە مەدەنییە بەهێزەکان وەک ئەحزاب، سەندیکاکان، یەکیەتییەکانو ڕۆژنامەوانی ئازادو سەربەخۆ لە حکوومەتو دەوڵەت بە نوێنەرایەتی خەڵک چاوەدێری بەسەر ئۆرگانیزمی حکوومەتدا دەکەنو ههروهها کاریگەرییان دەبێ لەسەر دەسەڵات بە قازانجی خەڵک و وڵات.
بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد لە کۆماری ئیسلامیدا، دانانی یاسا، هەرسێ دەسەڵاتەکانی "قانوون دانان، بەڕێوەبەریو دادوەری"و تەنانەت ئەحزابو چاپەمەنییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە چنگی دەسەڵات دایە کە دەسەڵات لێرەدا بە مانای رێبەرو ئەگەر کەسێک یان لایەنێک بیهەوێ بە جۆرێک بەدەر لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەرو حکوومەتو جەناحی حاکم کردارێک بکا یا گوتارێکی هەبێ، دەکەوێتە بەر غەزەبی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ئیتلاعاتو سپاو بەسیجو تەنانەت لەبەردەم دادوەرو یاساشدا ناتوانێ بهرگری لە خۆی بکاو بە شێوەیەک هەڵس و کەوتی دەگەڵ دەکرێ کە لەهیچ یاساو رێسایەک کە پێوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەبێ هاوسەنگی نابێ.
لە کۆتاییدا پرسیار ئەوەیە لە نیزامێکدا کە تاکە کەسێک بڕیاردەر بێو جێگاو پێگەی لە سەرەوەی هەموو یاساو رێساکانهوه بێو هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی "قانوون دانان، بەڕێوەبەریو دادوەری" سەربەخۆ نەبنو لەژێر ئەمرو بڕیاری رێبەردا بن، چۆن چاوەڕوانی لێ دەکرێ پارێزەری مافی مرۆڤ بێ؟!
سهرچاوهکان: 1: قانون اساسی ایران
2: نظریه دولت در ایران. نویسنده: ک. اس. لمثون. مترجم: چنگیز پهلوان